مووچەی لیوای ٢٠ی پێشمەرگە لە بودجەی ٢٠٢٣ی عێراقدا جێگیردەکرێت

24/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بە ھەوڵی فراکسیۆنی یەکێتی، مووچەی و بودجەی لیوای ٢٠ی ھێزەکانی پێشمەرگە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراقدا جێگیردەکرێت.

دیلان غەفور پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ھەوڵە بەردەوامەکانی فراکسیۆنی یەکێتی بۆ جێگیرکردنی لیوای ٢٠ی ھێزەکانی پێشمەرگە و مووچە و بودجە و مافەکانیان لە پڕۆژە یاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق، سەردانی سابت محەمەد وەزیری بەرگریی عێراقیان کردووە و جەختیان لە داواکەیان کردەوە.

دیلان غەفور راشیگەیاند، وەزیری بەرگریی عێراق پێیوتوون کە مووچە و بودجەی لیوای ٢٠ی ھێزەکانی پێشمەرگە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراقدا جێگیرکراوە.

حکومەتی عێراق مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بە ئامانجی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان، بڕیاریدا لیوای ٢٠ی پێشمەرگە لەگەڵ لیوایەکی سوپای عێراق تێکەڵبکرێن و دوو لیوای ھاوبەشیان لێدروستبکرێت و مووچە و شایستە داراییەکانیشیان بخرێنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.