ڕاگەیەنراوێک لە دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم سەبارەت بە زمانی کوردی

23/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم سەبارەت بە زمانی کوردی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا زمانی کوردی بگەڕێنێتەوە سەر نووسراوە فەرمییەکان، وەک ئەوەی لە مادەی چواری دەستووردا ئاماژەی پێ کراوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

دوای لادانی زمانی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوک، ئێمە وەک دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەستبەجێ تەواوی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانمان لە بەغدا لەگەڵ ھەموو ئەو لایەنانەی کە پەیوەندیان ھەیە بەم کارە نادەستوورییە ئاگادارکردەوە، خۆشبەختانە دوای ھەوڵ و کۆششی فڕاکسیۆنە کوردییەکان و بەدەنگەوەھاتنی حکومەتی نوێی عێراق، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا زمانی کوردی بگەڕێنێتەوە سەر نووسراوە فەرمییەکان، وەک ئەوەی لە مادەی چواری دەستووردا ئاماژەی پێ کراوە.

وەک دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێمان وایە لە ھەر کات و شوێنێک دوور لە موزایەدە، گیانی بەرزی نیشتیمانی زاڵ بووبێت لەو شوێنەدا گەلەکەمان لە بەدیھاتنی ئاواتەکانی نزیک بۆتەوە، ئەم ھەوڵەش دەرئەنجامی خەباتی پێکەوەییمانە، بەھیواین بۆ داھاتووش بەری خەباتی ھاوبەشی کۆی فراکسیۆنەکانمان لە بەغداد دواخاڵەکانی کارنامەی بریار لێ دراوی بەڕێز سودانی بەدیبھێنێت.

لە لایەکی ترەوە ئەم ڕاستکردنەوەیە وەک دەستپێکێکی باش دەبینین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی تر و جێبەجێکردنی تەواوی کارنامەکەی سەرۆک وەزیران بەڕێز محمد شیاع سوودانی و بە پێویستیشی ئەزانین سوپاسی وەزارەتی تەندروستی عێراقیش بکەین کە دەستووریان کرد بە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.