بە تۆمەتی کوشتن دوو تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیرکران

23/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە سلێمانی دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی گرتنیان ھەبووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی فەرمانێکی گرتنی تۆمەتبارێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای بابلەوە گەیشتە پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کە تۆمەتبارێک ئامۆزایەکی کوشتووە و ھەڵاتووە، دوای لێکۆلینەوە تۆمەتبارەکە دۆزرایەوە و لەلایەن بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانەوە دەستگیرکرا و دوای تەواوکردنی ڕێکارەیاساییەکان ڕەوانەی پارێزگای بابل دەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەچالاکییەکی تردا لەلایەن بنکەی پۆلیسی سیتەکەوە تۆمەتبارێکی تر دەستگیرکراوە کە فەرمانی گرتنی ھەبووە لە بنکەی پۆلیسی چەرموو سەر بە بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ، ئەوەش خراوەتەڕوو، ھەردوو تۆمەتبارەکە فەرمانی گرتنیان ھەبووە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی.