نوسینی زمانی کوردی بۆ سەر نوسراوی مۆڵەتەکانی تەندروستی لە کەرکوک گەڕێنرایەوە

23/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

نوسینی زمانی کوردی بۆ سەر نوسراوی مۆڵەتەکانی تەندروستی لە کەرکوک گەڕێنرایەوە.

دوای ئەوەی لەچەند مانگی ڕابردوو بەڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق نوسینی کوردی لەسەر مۆڵەتەکانی تەندروستی لە پارێزگای کەرکوک لابرا و تەنیا نوسینی عەرەبی ھێڵدرایەوە، بەڵام دوای گوشاری ھێزە کوردییەکان و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر ئەو پرسە، بە بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق نوسینی زمانی کوردی بۆ سەر مۆڵەتەکان گەڕێنرایەوە.

لە بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، دەبێت ھەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بنوسرێن بەپێی ناوەڕۆکی دەستوری عێراق و بەپێی یاسای زمانە رەسمییەکان لە عێراق.

لەوبارەیەشەوە "عەلی جەمیل زەنگەنە"بەڕێوەبەری ھۆبەی چاودێری تەندروستی لە کەرکوک بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بڕیارە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەست بکرێتەوە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و گەڕانەوەی زمانی کوردیی بۆ مۆڵەتەکان لە کەرکوک.