ئەمریکا و ئەوروپا ئیدانەی فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن

23/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ئیدانەی فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن و رایدەگەیەنن، ئێران ھێڵی سووری بەزاندووە.

جۆ کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، بە قووڵی نیگەرانن لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و سیاسەتیان بەرامبەر تاران نەگۆڕاوە و ھەرگیز رێگەنادەن ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ھاوکات بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئیدانەی ھەنگاوەکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکەن و ئەو وڵاتە بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردوو، سنوورە رێگەپێدراوەکانی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی تێپەڕاندووە.

راشیگەیاند، ھەنگاوەکانی ئێران ھەڕەشەن لەسەر بەرنامەی جیھانی بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و لەو بارەیەوە لەگەڵ ھاوبەشەکانیان بەردەوامدەبن لە راوێژکردن بۆ گرتنەبەری باشترین وەڵام بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڕەشەی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران.

رۆژی سێشەممە ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئێران لە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردوو بە بەکارھێنانی ئامێری سێنتەرفیووجی پێشکەوتوو، دەستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پلەی ٦٠% کردووە، بە نیازیشە ژمارەیەک ئامێری تری سێنتەرفیووج لە ھەمان وێستگە بخاتەکار.