دادگای فیدڕاڵی: کارکردنی ھەرێم بە یاسای ھەڵوەشاوەی خانەنشینی یەکگرتوو نادەستوورییە

23/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دادگای فیدڕاڵیی عێراق، کارکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بە یاسای ھەڵوەشاوەی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بە نادەستووری ناساند و حکومەتی ھەرێم پابەنددەکات بە کارکردن بە یاسای ژمارە نۆی ساڵی ٢٠١٤.

بەشدار حەسەن پارێزەری دۆسێی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ دوای سێ دانیشتن دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی کارکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، کە لە ساڵی ٢٠١٤وە ھەڵوەشاوەتەوە، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر کاری پێدەکات.

بە وتەی بەشدار حەسەن، بەشێکی تری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی تایبەتە بە پابەندکردنی حکومەتی ھەرێم، بە کارکردن بە یاسای ژمارە نۆی ساڵی ٢٠١٤ی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، کە ئەو یاسایە خزمەت بە خانەنشینانی ھەرێم دەکات، چونکە بەپێی یاساکە کەمترین مووچەی خانەنشینان ٥٠٠ ھەزار دینارە.