خولێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی ئەستانا بەبێ کورد بەڕێوەدەچێت

23/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

خولێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی ئەستانا لەبارەی قەیرانی سوریا بەبێ بەشداریکردنی کورد دەستپێکرد و چارەنووسی ناوچەکانی مەنبج و تەل رەفعەت لە رۆژئاوای کوردستان تاوتوێ دەکرێت.

ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژە خولی ١٩ەیەمینی کۆبوونەوەکانی ئەستانا لە کازاخستان، بە بەشداری نوێنەرانی روسیا و تورکیا و ئێران و حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیپێکردووە، بەڵام وەک خولەکانی پێشوو ئەمجارەش ھیچ نوێنەرێکی رۆژئاوای کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا نەکردووە.

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، بەشداربووانی کۆبوونەوەکانی ئەستانا رەوشی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا تاوتوێدەکەن، ھاوکات ئەیمەن عاسمی وتەبێژی وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیان داھاتووی کاری لیژنەی نوسینەوەی دەستوور و چارەنووسی ناوچەکانی تەل رەفعەت و مەنبج لە باکووری سوریا و دەرھێنانیان لەژێر دەستی ھەسەدە تاوتوێ دەکەن.

لە ساڵی ٢٠١٧وە بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، روسیا و ئێران و تورکیا دەستیان بە کۆبوونەوەکانی ئەستانا کردووە و تائێستا ١٩ جار بە بەشداری وەفدی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا کۆبوونەتەوە.