بەھۆی دوو تەقینەوە لە قودس ١٢ کەس برینداربوون

23/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە دەروازەی شاری قودس دوو تەقینەوە روویاندا و بەھۆیەوە ١٢ کەس برینداربوون.

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، تەقینەوەی یەکەم لە نزیک وێستگەیەکی پاس لە دەروازەی شاری قودس بووە و ھێشتا ھۆکاری تەقینەوەکە نازانن. بەشێک لە میدیاکانیش بڵاویانکردووەتەوە، تەقینەوەکە لەڕێی بۆمبێکی چێندراوەوە بووە کە لەنێو جانتایەکدا دانراوە.

سەبارەت بە تەقینەوەی دووەمیش، ھێشتا زانیاری تەواو بەردەست نییە و چەند کەسێک برینداربوون.

تەندروستی ئیسرائیلیش بڵاویکردووەتەوە، بەھۆی تەقینەوەکانەوە ١٢ کەس برینداربوون، کە رەوشی تەندروستی چوار کەسیان جێگیر نییە. 

دوو ھەفتە لەمەوبەر، دوو ھاووڵاتی فەڵەستینی بە تەقەی ھێزەکانی ئیسرائیل لە  شاری جنین لە کەرتی خۆرئاوا کوژران، رۆژنامەی "جیروزالیم پۆست"یش بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل سەربازەکانی رەوانەی "جنین" کردووە، بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی.