بەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلەی رێختەر لە تورکیا روویدا

23/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەرەبەیانی ئەمرۆ بومەلەرزەیەکی بەھێز لە ناوەندی پارێزگای دوزجە لە باکوری رۆژئاوای تورکیا روویداو بەھۆیەوە ١٠٠ کەس برینداربوون.

ئیدارەی فریاگوزاری و کارەساتە سروشتییەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، سەعات ٤ی بەرەبەیانی ئەمرۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلە بە پێوەری رێختەر ناوەندی پارێزگای دوزجەی لە باکوری رۆژئاوای وڵات ھەژاندووە و بەھۆیەوە ١٠٠ کەس برینداربوون.

راشیگەیاندووە، دوای چەند خولێکی تریش بومەلەرزەیەکی تر بە گوڕی ٤.٧ پلە بە پێوەری رێختەر ناوچەی جیلیملی سەربە دوزجە روویداوە، ھەروەھا ٣٥ بومەلەرزەی تریش لەدوای یەکەم روویانداوە، شارەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ و بۆرسا و ئاسکی شەھیر و چەند شارێکی تری تورکیا ھەستیان بە بومەلەرزەکە کردووە.

ئیدارەی فریاگوزاری و کارەساتە سروشتییەکانی تورکیا ئاشکرایکرد، بومەلەرزەکان زیانی بە بەشێک لە بینا و باڵەخانەکان گەیاندووە و ھاووڵاتیان لە ترساندا چوونەتە سەرشەقامەکان و بۆ خۆگەرمکردنەوە ئاگریان کردووەتەوە.

ھەروەھا ھەردوو شاری سەکاریا و دوزجە لە ترسی دووبارەبوونەوەی بومەلەرزەکە، ئەمڕۆیان لە ناوەندەکانی خوێندن کرد بە پشوو.

بەھۆی بومەلەرزەکەوە ١٠٠ کەس برینداربوون و زیان بە بەشێک لە خانوو و باڵەخانەکان کەتووە