تورکیا بنکەیەکی ھاوبەشی ھەسەدە و ھاوپەیمانانی لە حەسەکە بۆردومان کرد

22/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی سەربازیی ھاوبەشی ھەسەدە و ھاوپەیمانانی لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد.

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئۆپراسیۆنی ئاسمانی سوپای تورکیا لە باکووری سوریا بۆ سێیەم رۆژ بەردەوامە و ئەمڕۆش فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دوو پێگەی ھێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە باکووری رۆژھەڵات و باشووری رۆژئاوای حەسەکە بۆردومان کردووە و زیانی ماددی زۆریان بە ناوچەکە گەیاندووە، بەڵام زیانە گیانییەکان نەزاندراون.

روانگەی سوریا راشیگەیاند، لە پێشھاتێکی نوێدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بنکەیەکی سەربازیی ھاوبەشی ھەسەدە و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیان لە باکووری حەسەکە بۆردومانکردووە، کە تایبەت بووە بە بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو کەس کوژراون و سێ کەسی تریش بریندار بوون.

تورکیا سێ رۆژە ئۆپراسیۆنێکی نوێی لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای کوردستان و ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ناوچەکانی سنووری کۆبانێ و حەسەکە بۆردومان دەکات.