ھێزی دەریاوانی یۆنان ھەڵمەتێکی بۆ رزگارکردنی نزیکەی ٥٠٠ کۆچبەری نایاسایی دەستیپێکردووە

22/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھێزە دەریاوانییەکانی یۆنان ھەڵمەتێکیان بۆ رزگارکردنی نزیکەی ٥٠٠ کۆچبەری نایاسایی دەستیپێکردووە، کە لەسەر بەلەمێک بوون لە باشوری رۆژئاوای دوورگەی کریت.

ھێزە دەریاوانییەکانی یۆنان رایانگەیاند، داوای بەھاناوەچوونیان پێگەیشتووە لەلایەن بەلەمێکی کۆچبەرانەوە، کە نزیکەی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ کۆچبەری نایاسایی تێدایە.

وتیشی، لەئێستادا ھەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە دەستپێکردووە کە لە دوورگەی کریتن، بەڵام بەھۆی بەھێزی با ئاستەنگی زۆر بۆ ھەڵمەتەکانی رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە دروستبووە. ھاوکات ھیچ زانیارییەک سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کۆچبەرانە ئاشکرانەکراوە. 

یۆنان و ئیتاڵیا و ئیسپانیا بە رێگەی سەرەکی بۆ کۆچبەرانی ئەفریقا و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێن، بەپێی ئامارەکانی ھێزی دەریاوانی یۆنانیش، لە ھەشت مانگی ئەمساڵدا نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ کۆچبەر رزگارکراون، کە لە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو ٦٠٠ کۆچبەر رزگارکرابوون.