راگرتنی بارھەڵگرەکانی سوتەمەنی لەناو شاری کەرکوک قەدەغەکرا

22/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی عێراق لە کەرکوک بڕیاریدا لەسەر قەدەغەکردنی راگرتنی بارھەڵگرەکانی سوتەمەنی لەناو شاری کەرکوک.

دوای زیادبوونی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکانی عێراق، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی عێراق لەکەرکوک بڕیاریدا، وەستانی بارھەڵگری سوتەمەنی لە گەڕەکەکانی کەرکوک قەدەغەبکرێت، تەنانەت وەستانی تانکەرەکانی سوتەمەنی بە بەتاڵیش رێگەپێدراو نییە. 

بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش لیژنەیەک پێکھێندراوە بە سەرۆکایەتی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان و ئەندامێتی بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوت و ھاتووچۆی کەرکوک، دوا وادەش بۆ مانەوەی بارھەڵگرەکان سەعات ٨ی شەوی ٢٢ی ئەم مانگەیە. 

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی عێراق لە کەرکوک  راشیگەیاند، لە دوای ئەو وادەیەوە ھەر بارھەڵگرێک لەناو گەڕەکەکانی شار رابگیرێت، روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە و بارھەڵگرەکان پێویستە لە پارکەکانی دەرەوەی شار رابگیرێن.