سەرۆک وەزیرانی عێراق و پادشای ئوردن لە عەمان کۆبوونەوە

21/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

"محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی رەسمی چووە ئوردن، ئەوەش یەکەم سەردانی بوو بۆ دەرەوەی وڵات لەو کاتەوەی حکومەتی نوێی عێراقی پێکھێناوە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، "سودانی" لەلایەن شا "عەبدوڵای دووەم" پادشای ئوردن و جێنشینەکەی و ژمارەیەک وەزیرەوە پێشوازی لێکرا.

دواتر لەگەڵ پادشای ئوردن کۆبووەوەو پەیوەندییەکانی بەغداد و عەمان و ھاوبەشی و ھەماھەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھەردوو وڵات تاوتوێ کران. 

دیوانی شاھانەی ئوردنیش رایگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق و پادشای ئوردن ھەماھەنگی عێراق و ئوردنیان سەبارەت بە وەرگرتنەوەی داواکراوان و پارە بەتاڵانبراوەکان و ئەمنییەتی سنوری ھەردوو وڵات تاوتوێ کردووە. 

سەردانەکەی سودانی بۆ ئوردن تەنھا یەک رۆژی خایاند و گەڕایەوە بەغداد، بڕیاریشە لە رۆژانی داھاتوودا  سەردانی ھەریەک لە وڵاتانی کوەیت و فەڕەنسا و میسر بکات.