سزای زیندانیکردن بۆ ١٧ تۆمەتباری تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ دەرکرا

18/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دادگای تورکیا سزای زیندانیکردنی بۆ ١٧ تۆمەتباری تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ دەرکرد و ٢٩ کەسیش دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکاتەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە، دادگای ئیستانبوڵ بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئەحلام بەشیر و ١٦ کەسی تر دەرکردووە، کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی رۆژی ١٣ی ئەم مانگەی شەقامی ئیستقلالی شاری ئیستانبوڵ، ھەروەھا بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی بۆ ٢٩ کەس بۆ وڵاتەکانیان دەرکرد، بەڵام ئاشکرانەکراوە بۆ چی وڵاتێک دیپۆرتدەکرێنەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ راشیگەیاندووە، ئەحلام بەشیر کە ژنێکی بە رەگەز سووریە و بە نایاسایی چووەتە تورکیا و چەند مانگێک لە ماڵێکدا لە ئیستانبوڵ ماوەتەوە، دانیناوە بە جێھێشتنی جانتایەک لە شوێنی تەقینەوەکە کە بۆمبی تێدا بووە.

رۆژی ١٣ی ئەم مانگە، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی تەقسیم لە ئیستانبوڵ روویدا و بەھۆیەوە شەش کەس کوژران و ٨١ کەسی تریش بریندار بوون، بەگومانی تێوەگلان لە تەقینەوەکە ٥١ کەس دەستگیرکران.