دوو کۆنگرێسمان داوادەکەن وەڵامی ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێم بدرێتەوە
کوردسات نیوز
دوو کۆنگرێسمانی ئەمریکا داوا لە جۆ بایدن و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری وڵاتەکەیان دەکەن وەڵامی ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بدەنەوە، دەشڵێن، ستراتیژییەتی سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق شکستیھێناوە.
تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ھەریەکە لە "گای ریشنسالەر و مایکڵ واڵتز"، ئەندامانی پارتی کۆماری لە کۆنگرێس، پەیامێکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتەکەیان کردووە و داوایانکردووە، وەڵامی ھێرشەکانی ئێران لە عێراق بدرێتەوە.
ئەو دوو کۆنگرێسمانە داواشیانکردووە، واشنتۆن بە خێرایی جوڵە بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ھاووڵاتیان و سەرباز و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، جددی نەبوونی ئیدارەی بایدن لە وەڵامدانەوەی ھەڕەشەکانی ئێران لە عێراق بووەتە جێگەی نیگەرانی و ستراتیژیەتی بایدن لە عێراق شکستیھێناوە و کاتی ئەوەھاتووە بگۆڕدرێت، چونکە بەوتەی ئەو دوو کۆنگرێسمانە، ئەوەی ئێران دەیکات پەیامێکی روونە کە دەتوانێت بەرژەوەندی و ھاوبەشەکانی ئەمریکا لە عێراق بکاتە ئامانج.
|