سەرۆک کۆمار سەردانی کامپی شاریایی ئاوارەکان دەکات لە دھۆک

16/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی چوارشەممە ١٦ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢، سەردانی کامپی شاریایی ئاوارەکانکرد لە پارێزگای دھۆک بە یاوەری ھەریەک لە خاتوو ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەران و دکتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دھۆک و ژمارەیەک لێپرسراوی تری پارێزگاکە کە لە نزیکەوە لە بارودۆخی ئاوارەکانی ناو کامپەکەی کۆڵییەوە.

لەگەڵ گەیشتنی بۆ کامپەکە، سەرۆک کۆمار کۆبونەوەیەکی لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەران و  پارێزگاری دھۆک و دەستەی بەڕێوەبردنی کامپەکە سازکرد بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربون لە بارودۆخی ئاوارەکان و ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 ھەر لە میانی سەردانەکەیدا، سەرۆک کۆمار چاویکەوت بە ژمارەیەک خێزانی ئاوارەی ئێزیدی و گوێی لە داواکارییەکانیان گرت، جەختی کردەوە کە لەگەڵ دەزگا حکومییەکاندا قسە دەکات بۆ  چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ھەروەھا ھەماھەنگی دەکات لە ڕێگەی کاری ھاوبەش لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کەمکردنەوی ئازار و نەھامەتیەکانی ئاوارەکانی ناو کامپ و تەواوی کامپەکانی تر.

 سەرۆک کۆمار جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی کارکردن بۆ رەواندنەوەی ئەوە ئازار ونەھامەتیانەی، کە پێکھاتە جیاکانی عێراق لەسەر دەستی  تیرۆری ترسنۆکانەی داعش رووبەروی بوەنەوە کە مەرامیان بو ئاشتیی کۆمەڵایەتی ومەدەنی  بشێوێنن، دوپاتیشی کردەوە لەسەر گرنگی دەستەبەرکردنی ئاشتیی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و بەدیھێنانی ئۆقرەیی و سەقامگیری بۆ تەواوی ئاوارەکان تاکو بتوانن بگەڕینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بە شار و شارۆچکەکانیان شاد ببنەوە و بە شکۆمەندییەوە بژین.

ھەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک کۆمار تەئکیدی کردەوە لە سەر پێویستی ھەماھەنگی ھەوڵە نیشتمانییەکان لە پێناو تێپەڕاندنی ھەموو ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن بۆ شار و زێدی خۆیان.