سودانی: جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری حکومەت لانیکەم سێ ساڵی پێویستە

14/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، جێبەجێکردنی بەرنامە حکومییەکەی لانیکەم سێ ساڵی پێویستە و چینی ھەژاریش ناتوانێت چاوەڕوانی بەرنامەیەکی درێژخایەن بکات.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ھەموو ئاستەنگ و قەیران و کێشە کەڵەکەبووەکانیان لەبەرچاوگرتووە و دەزانن رێگەیەکی سەختیان لەبەردەمدایە، بەڵام بەرنامەیەکی حکومی تۆکمەیان داڕشتووە و بەھەموو توانایەک کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، وتیشی، جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەی کارەی ھەیانە لانیکەم سێ ساڵی پێویستە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، چینی ھەژار و کەمدەرامەت چیتر توانای چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی بەڵێنی گەورە و بەرنامەی درێژخایەنیان نییە، لەو روانگەیەشەوە بەرنامەی کارەکەیان داڕشتووە و کاری لەپێشینەشیان جێبەجێکردنی ئەو خاڵ و بڕگانە دەبێت کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ھاوڵاتییانەوە ھەیە، بە تایبەتیش ھەژاران.