دوای تەرخانکردنی ٦٠ ملیار دۆلار ھێشتا گرفتی کارەبا بە چارسەرنەکراوی ماوەتەوە

29/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

گرفتی دابینکردنی کارەبا بۆ ھاوڵاتیانی عێراق، ئەو قەیرانەی لەماوەی ١٨ی ساڵی رابردوو نزیکەی ٦٠ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، ھێشتا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوەو بەرپرسانی وەزارەتی کارەباش دەڵێن، وەزارەتەکەیان لەتوانایدا نزیکەی ١٧ ھەزار میگاوات دابین بکات بە پێنج ھەزار میگاواتەکەی ئێرانیشەوە، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە ٢٩ ھەزار میگاواتە بۆ دابینکردنی کارەبای تەواو.

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەباش، ھەردوو وەزارەتی دارایی و کارەبای عێراق پێکەوە ستراتیژی کەرتی کارەبا بۆ دانیشتنەکانی ئامادەسازی بودجەی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤ ی عێراقیان خستەڕوو.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی نێوانیان وەزارەتی کارەبا ستراتیژی خۆیان دەربارەی نۆژەنکردنەوەی ویستگەکان و بڕی تێچووی پلانەکەیان بۆ وەزارەتی دارایی خستووەتەڕوو، ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە ئەگەر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ھاوکاری بکرێن ئەوا دەتوانن لە سەرەتای ٢٠٢٤ کێشەی کارەبا چارەسەر بکەن.

چاودێرانی ئەم بوارەش ئاماژە بۆ دەکەن کێشەی کەمی کارەبا پێویستی بە پلانی خێرا ھەیە نەک پلانی درێژخایەن.

بەھادین نوری ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندوە، کەمی کارەبا پەیوەندی بە نۆژەن نەکردنەوەی ویستگەکانەوە ھەیە کە وەزارەتی کارەبا بە پاساوی نەبوونی بودجەی پێویست ئەنجامی نادات.

لەبەرامبەردا ئەحمەد عەبادی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، وەزارەتەکەی لە توانایدایە نزیکەی ١٢ ھەزار میگاوات دابین بکات، لەکاتێکدا لەوەرزی ھاویندا پێویستیان بە ٢٩ ھەزار میگاواتە ھەتا کارەبای تەواو بۆ عێراقیەکان دابین بکەن.

حکومەتی ئێرانیش ھەرەشەی بڕینی ئەو پێنج ھەزار میگاواتە دەکات کە بۆ عێراقی دابین کردووە ئەگەر بێت و عێراق سەرجەم حساباتە داراییەکانیان لەگەڵدا ساغ نەکاتەوە، بەم پێیەش وەزارەتی کارەبا لە توانایدایە تەنھا ١٢ ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم بھێنێت و ١٧ ھەزار میگاوات کارەبا کورتھێنانی ببێت لەم وەرزی ھاوینەی ئەمساڵەوە.