سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق دەستیلەکارکێشایەوە

13/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

عەلا جەواد سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش حەیدەر حەنوونی بۆ جێگرتنەوەی راسپارد.

نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر داوای خۆی، سەرۆک وەزیران کۆتایی بە ئەرکی عەلا جەواد ساعدی لە سەرۆکایەتیکردنی دەستەی دەستپاکی ھێنا و حەیدەر حەنوونی بۆ بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتی دەستەی دەستپاکی راسپارد، ھاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان.

ئەمڕۆ عەلا جەواد ساعدی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی عێراق پێشکەشی محەمەد شیاع سودانی کرد و رایگەیاند، ئەو پۆستە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و دەستبەرداربوون لێی رزگاربوونە لەو کێشە و مەترسی و سەختییانەی لەگەڵ ھەندێکی لایەنی ناو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کوتلەکانیان لە دەسەڵاتی یاسادانان رووبەڕووی دەبیتەوە.

راشیگەیاند، بەھۆی ھەڵمەتەکانی چەواشەکاری و ناوزڕاندن، نەیانتوانی لە ئەرکەکەیان بەردەوامبن.