سودانی: بە دەستوور کێشەکانی نێوان بەغداد و ھەرێم چارەسەر دەکرێن

13/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بە دەستوور ھەموو کێشەکانی نێوان بەغداد و ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێن، داواش دەکات رێکخراوی ئۆپیک پشکی بەرھەمھێنانی عێراق زیاد بکات.

محەمەد شیاع سودانی، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک چاودێری سیاسی رایگەیاند، ئەگەر رێکبکەون کە دەستوور چەترێکی ھەمیشەیی بێت، ئەوا سەرجەم کێشەکانی نێوان بەغداد و ھەولێر چارەسەر دەکرێن و لەسەر ئەو پرسەش راستەوخۆ قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کردووە. 

راشیگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ ھەمووو ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک دەکەن، بۆئەوەی چاو بە پشکی بەرھەمھێنانی عێراق بخشێننەوە و رێژەکەی زیاد بکرێت، ئەوەش لەپێناو زیادکردنی داھات، چونکە عێراق پێویستی بە پارەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە، راشیگەیاند، سوورن لەسەر سەقامگیریی بازاڕی وزە و نایانەوێت نرخی نەوت نە لە ١٠٠ دۆلار زیاتر نە کەمتر بێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە مانگی رابردوو رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا لەسەرەتای ئەم مانگەوە ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان، بە رێژەی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بکاتەوە.

سودانی لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانیشەوە رایگەیاند، رێز لە ھەموو ئەو گرێبەستانە دەگرن، کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کراون، لەناویاندا ئەو گرێبەستە ٢٧ ملیار دۆلارییە، کە لەگەڵ کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینێرجی) بۆ زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز کراوە.