بودجەی ٢٠٢٣ گەورەترین بودجە دەبێت لە مێژووی عێراقدا

12/11/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

قەبارەی بودجەی ساڵی داھاتووی عێراق دەگاتە نزیکەی ١٣٥ ملیار دۆلار، ئەوەش بە گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراق دادەنرێت.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، نرخی نەوت لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراقدا، بە ٧٥ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک دیاری دەکرێت، تێکڕای داھاتی نەوتیی بۆ ساڵێک، دەگاتە ١٠٢ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، ھەروەھا داھاتی نانەوتی بە نزیکەی ٨ بۆ ١٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەوەش لەسەر بنەمای داھاتەکانی ئێستا، قەبارەی بودجەی گشتیی ساڵی داھاتوو، لە نێوان ١٢٥ ملیار بۆ ١٣٥ ملیار دۆلار دەبێت.

جەمال کۆچەر راشیگەیاند، بودجەی ساڵی داھاتوو گەورەترین بودجە دەبێت لە مێژووی عێراقدا، جەختیشیکردەوە، کە پێویستە حکومەت لەم مانگەدا رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات، بۆئەوەی بە زووترین پەسەند بکرێت.

پێشتر میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکرد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی پێکھێناوە بۆئەوەی پێداچوونەوە بکەن بۆ ئەو رەشنووسەی پڕۆژە یاسای بودجە، کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی ئامادەیکرد بوو، ھەروەھا لیژنەکە بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی رەشنووسەکە ھەمووار بکەنەوە، تاوەکو بگونجێت لەگەڵ کارنامەی کابینەکەی سودانی.