گواردیۆلا: ھەموو ئەگەرێک بەرامبەر بە پاریس سان جێرمان کراوەیە

29/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پیپ گواردیۆلای راھێنەری یانەی مانچستەر سیتی پێی وایە تیپەکەی لەسەرەتای یارییەکە شەرمن بوون و ئاماژەی بەوەشدا لە یاری گەڕانەوە بەرامبەر بە پاریس سان جێرمان ھەموو ئەگەرێک کراوەیە.

پیپ دوای یارییەکە وتی، پێم وایە بە باشی دەستمان پێکرد تا گۆلەکەمان لێکرا، بەشێوەیەکی گشتی شەرمن بوو و نەمانتوانی لە جێگەی بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناغە بین و ھەمووان بە ترسەوە یارییان دەکرد، بەڵام لە چارەکی کۆتایی گێمی دووەم زۆر باشتر بووین.
وتیشی، لە گێمی دووەم زۆر باش بووین و زووتر تۆپمان وەردەگرتەوە، ئەمە ئاسان نییە چونکە ئەوان زۆر باشن، ھێڵی ناوەندیان زۆر باشە و لە پێشەوەش یاریزانی مەترسیداریان ھەیە، بەڵام ئێمە چارەسەرمان دۆزیەوەو توانیمان دوو گۆڵ بکەین و دەکرا زیاتریش بکەین.
سەبارەت بە ھیوای تیپەکەشی رایگەیاند، نیوەی ئەرکەکە سەرکەوتوو بووین، ئەگەر یاری گەڕانەوەش ئەوا بە شەرمنی یاریی بکەین ئەوا ھەموو ئەگەرێک کراوەیە و پاریسیش توانای ئەوەی ھەیە ئەنجام بگۆڕێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەی گێمی دووەم یاری بکەین ئەوا ھیوای گەیشتنمان بە یاری کۆتایی زیاتر دەبێت.
سەبارەت بە ھۆکاری شەرمنی تیپەکەشی وتی، ئەمە جاری دووەمە لە قۆناغی پێش کۆتایی یاریی دەکەین و یەکەم جاریشە لە دوای ساڵی ٢٠١٦ بۆیە زۆرینەی یاریزانانی مان سیتی لەم قۆناغە یارییان نەکردوە، بۆیە ناکرێت وەکو یاریزانی ئەو تیپانە بن کە بە یاریکردن لەو قۆناغە راھاتون.