پزیشکی دادی ئێران: ژینا ئەمینی بەھۆی نەخۆشییەکی کۆنەوە گیانی لەدەستداوە

07/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پزیشکی دادی ئێران ھۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەھۆی نەخۆشییەکی کۆنەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام کەسوکارەکەی رایانگەیاند، کچەکەیان بەھۆی ئەشکەنجەدانەوە گیانی لەدەستداوە.

دەستەی پزیشکی دادی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەڵگەنامە پزیشکی و توێکارییەکان سەلماندوویانە کە "ژینا" لە ئەنجامی لێدانی سەری یاخود ھەر شوێنێکی تری جەستەی لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو لە تەمەنی ھەشت ساڵیدا نەشتەرگەری مێشکی لە نەخۆشخانەی "میلاد" لە "تاران" بۆ کراوە و دوای نەشتەرگەرییەکە تووشی کێشە بووە.

راشیگەیاند، ژینا لە رۆژی ١٣ی ئەیلول ھۆشی لەدەستداوە بەھۆی ئەو نەخۆشییە کۆنەی دووچاری دابەزینی پەستانی خوێن بووە. لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ژینا دووچاری کەمبوونەوەی ئۆکسجین بووە و مێشکی زیانی بەرکەوتووە و بەھۆی نەچوونی ئۆکسجین بۆ مێشکی لە ١٦ی ئەیلولی رابردوو گیانی لەدەستداوە.

بەڵام کەسوکاری ژینا پێشتر رایانگەیاندبوو، ڕۆژی ١٣ی ئەیلول ژینا لەلایەن پۆلیسی رەوشت لەشاری تاران دەستبەسەرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندان، لەوێ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بەتوندی لەسەر و جەستەی دراوە و دوای تێکچوونی باری تەندروستی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. ئاماژەشیان بۆ ئەوەشکردبوو، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ژینایان ڕاگەیاند کە تووشی جەڵتەی مێشک بووە و دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.