عەقید ھاوکار جاف بەھۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە ھەولێر شەھیدبوو

07/10/2022
ئۆتۆمبێلەکەی هاوکار جاف دوای تەقینەوەی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە گەڕەکی ٣٢ی پارکی شاری ھەولێر ئۆتۆمبێلی عەقید ھاوکار عەبدوڵا ناسراو بە (ھاوکار جاف) لە رێگەی بۆمبی لکێنراو تەقییەوە و عەقید ھاوکار شەھیدبوو، ئاژانسی زانیارییش داوا لە ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر دەکات لێکۆڵینەوەی ورد بکەن و راستییەکان بخەنەڕوو.

ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەھید ھاوکار کە پێشتر لە ئەرک و فەرمانی رەسمیدا بوو، رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە ھێزەکانی دژەتیرۆر و بواری ئەمنیدا و خزمەتی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کردووە.

راشیگەیاند، وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان دەکەن کە نمونەیەکی بەرزی قوربانیدانن، ھیوای زووچاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست کە پێکھاتبوون لە ھاوسەرەکەی و دوو منداڵی و خوشکێکی.

ئاژانسی زانیاری داواش لە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم دەکات لە لێکۆڵێینەوەکانیاندا وردبن و راستی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەریان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردا بسەپێنن.