پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم لە سلێمانی رێژەی ٧٨%ی قۆناغی یەکەمی تەواوبووە

07/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم لە سلێمانی رێژەی ٧٨%ی قۆناغی یەکەمی تەواوبووە و ساڵانە توانای وەرگرتنی ١٥٠ ھەزار تۆن گەنمی دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ھەرێم بڵاویکردەوە، بە مەبەستی ھەمەجۆرکردنی داھات و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی، پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی دەستیپێکردووە و لەئێستادا، ٧٨%ی قۆناغی یەکەمی تەواوبووە، پڕۆژەکەش لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواودەکرێت و ١٢٨ ملیۆن دیناری تێدەچێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پڕۆژەکە پێکدێت لە ٣٠ سایلۆ، کە ساڵانە توانای وەرگرتنی ١٥٠ ھەزار تۆن گەنمی ھەیە، لەگەڵ پێنج کارگەی بەرھەمھێنانی ئارد و ساوەر و بڕوێش و پاستە و عەلەفی ئاژەڵ.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، کارکردن لە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی بەردەوامە و ھەلی کاری بۆ ٣٠٠ کەس رەخساندووە، لە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکەش بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیاتر لە پێنج ھەزار ھەلی کار بۆ ھاووڵاتیان دەڕەخسێنێت.