پزیشکی دادی ئێران ھۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی ئاشکرا دەکات

07/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پزیشکی دادوەری ئێران ھۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەھۆی نەخۆشییەکی کۆنەوە گیانی لەدەستداوە.

دەستەی پزیشکی دادی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڵگەنامە پزیشکی و توێکارییەکان سەلماندوویانە کە "ژینا" لە ئەنجامی لێدانی سەری یاخود ھەر شوێنێکی تری جەستەی لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو لە تەمەنی ھەشت ساڵیدا نەشتەرگەری مێشکی لە نەخۆشخانەی "میلاد" لە "تاران" بۆ کراوە و دوای نەشتەرگەرییەکە توشی کێشە بووە لە غودەی "ھایپۆسلاموس" و لەسەر دەرمان بووە. 

راشیگەیاند، ژینا لە رۆژی ١٣ی ئەیلول ھۆشی لەدەستداوە بەھۆی ئەو نەخۆشییە کۆنەی و دووچاری دابەزینی پەستانی خوێن بووە. 

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ژینا دووچاری کەمبوونەوەی ئۆکسجین بووە و مێشکی زیانی بەرکەوتووە و بەھۆی نەچوونی ئۆکسجین بۆ مێشکی لە ١٦ی مانگ گیانی لەدەستداوە.

ژینا ئەمینی ئەو کچە ٢٢ ساڵەی شاری سەقزە، کە بەھۆیەوە خۆپیشاندانی گەورە لە ئێران و شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان سەریھەڵدا. ھۆکاری گیانلەدەستدانیشی بۆ ئەوە گەڕێندرایەوە کەبەھۆی دەرکەوتنی بەشێک لە قژی لەلایەن پۆلیسی رەوشت توندوتیژی بەرامبەر کراوە.