وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ھۆشداری لەبارەی بەکارھێنانی چوار جۆر شروبی منداڵان دەدات

07/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان ھۆشداری لەبارەی بەکارھێنانی چوار جۆر شروبی منداڵان دەدات و دەڵێت، بەکارھێنانی ئەو شوربانە دەبنە ھۆی مردن، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان بەکارنایەن و رێگەپێنەدراون.

بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان کە سەربە وەزارەتی تەندروستی ھەرێمە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاگاداری بڵاوکردەوە سەبارەت بە چوار ماددەی کۆمپانیای "مەیدن فارما سیوتیکالس"ی بەرھەمھێنی ھندی، شیکاری تاقیگەیی بۆ ئەو بەرھەمانە کراوە و بۆیان پشتراستبووەوە کە ماددەی ژەھراوییان  تێدایە و گیانلەدەستدانی لێدەکەوێتەوە. 

کاریگەرییەکانیشی بریتین لە ئازاری سک و رشانەوە و سکچوون و سەرئێشە و گۆڕانی باری دەروونی و میزنەکردن و برینداربوونی توندی گورچیلە، کە رەنگە گیانلەدەستدانی لێبکەوێتەوە. 

کۆنترۆڵی جۆری دەرمان راشیگەیاند، ئەو چوار بەرھەمە لە ھەرێمی کوردستان رێگەیان پێنەدراوە و ھاوردەی ھەرێم نەکراون و مۆڵەتی بەکارھێنانیان نییە.

ھاووڵاتیانیش ئاگادار دەکەنەوە لە ئەگەری بە قاچاغھێنانی بۆ ناو بازاڕەکانی ھەرێم، خۆیان لە بەکارھێنانی بەدووربگرن. 

داواش لە دەرمانخانەکان دەکات کە تەنھا مامەڵە بە دەرمانی رەسمییەوە بکەن کە مۆڵەتی بەکارھێنانی ھەبێت و ستیکەری کوالێتی کۆنترۆڵی لەسەر بێت.