سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستییەکان داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکات

06/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستییەکانی دەرەوەی ھەرێم داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکات، سەبارەت بە بڕیاری دەرچوون بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە وانەی کوردیدا کەوتوون.

دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە ئاڕاستەی سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتەکە کراوە و  تایبەتە بە وانەی کوردی و تیایدا دەڵێت، ھەر خوێندکارێک لە وانەی کوردیدا دەرنەچێت، بە کەوتوو دانانرێت، فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەبێت دڵنیا ببنەوە لە راستی و دروستی نووسراوەکە، بەڵام نییەتێک لە حکومەتی فیدراڵ ھەیە کە فشار بۆ سەر زمانی کوردی و زەوی کشتوکاڵی و گوندەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیداری ھەرێم دروست دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، راستە بڕیارەکە تایبەت بە خوێندنگەکانی خوێندنی عەرەبی، بەڵام بەپێی دەستوور ھەردوو زمانی (کوردی و عەرەبی) دەبێت لە سەرتاسەری وڵات وەک یەک کاری پێبکرێت، نیگەرانیشی لەو بڕیارە دەربڕی و داوای روونکردنەوەی لە وەزارەتی پەروەردە کرد.

بەپێی ماددەی ژمارە (٤) بڕگەی یەکەم لە دەستووری عێراق، ھەردوو (زمانی کوردی و عەرەبی) بە دوو زمانی رەسمی لە وڵاتەکە دەستنیشانکراون و دەبێت وەک یەک کاریان پێبکرێت.