وڵاتانی ئۆپێک پڵەس رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل کەمتر دەخەنە بازاڕەوە

06/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وڵاتانی ئۆپیک پڵەس بڕیاریاندا رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو کەمتر بەرھەم بھێنن و ھەناردەی دەرەوەی بکەن، لەپێناو گەڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ نرخی نەوت، ئەمەش کاردانەوەی ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی لێکەوتەوە.

ڕێککەوتنی نێوان ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و ھاوپەیمانەکانی لەنێویاندا ڕووسیا کە ھاوپەیمانییەکە بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە، پێش قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیا لەلایەن یەکێتی ئەوروپا دێت، ھەروەھا فشار دەخاتە سەر پێداویستییەکان لە بازاڕدا.

عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعوودیە رایگەیاند، کەمکردنەوەی راستەقینەی دابینکردنی نەوت لەژێر رۆشنایی بەرزی رێژەی سوودی رۆژئاوا و لاوازی ئابووری جیھان دێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمکردنەوەی بەرھەمھێنان بەرامبەرە بە نزیکەی لەسەدا دووی دابینکردنی جیھانی.

لەسەر ئاستی جیھان رۆژانە ٩٧ ملیۆن بۆ ٩٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو دەخرێتە بازاڕەوەو وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لەسەدا ٤٢ بەرھەمی نەوتی خاوی جیھانی دابین دەکەن، بە کەمکردنەوەی دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کاریگەری راستەوخۆ لەسەر بازار دروست دەکەن.

عێراق کە یەکێکە لە وڵاتانی رێکخراوی ئۆپێک، رۆژانە پێویستە ٢٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خاو کەمتر ھەناردەی دەرەوە بکات کە لەمانگێکدا زیاترە لە شەش ملیۆن بەرمیل، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر کەمبونەوەی داھاتی عێراق.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی لە ڕێککەوتنەکە گرت و بە "کورتبین" وەسف کرد، ئۆپێک پڵەسی تۆمەتبار کرد لەژێر فشاری رووسیادا ئەو بڕیارەیان داوە کە ئەو وڵاتە لە جەنگێکدایە دژی ئۆکرانیا.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ھەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا پشکەکانی نەوتی ستراتیژی زیاتر بکشێنێتەوە بۆ ئەوەی نرخەکان دابەزێنێت یان نا.

کۆشکی سپی راوێژ بە کۆنگرێس دەکات سەبارەت بە رێگای زیاتر بۆ کەمکردنەوەی ئۆپێک پڵەس کە کۆنترۆڵی نرخی وزە نەکەن.

لای خۆیەوە، ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی رووسیا رایگەیاند، رەنگە رووسیا بەرھەمھێنانی نەوت کەمبکاتەوە، ئەمەش لە ھەوڵێکدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاردانەوەی سەپاندنی سەقفی رۆژئاوا لەسەر نرخی وزەی رووسیا