ئەمڕۆ ٣٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر راگەیاندنی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی کوردستان

04/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دەرچوواندنی بڕیاری ژمارە (٢٢)ی ساڵی ١٩٩٢ دەستپێشخەری و ئایندەبینییەکی زۆر گەشاوە و پڕ لە ئومێدی قۆناغەکە بوو بۆ بەدیھێنانی ماف و خواستە دیموکراسییەکانی میللەتەکەمان.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵیادی راگەیاندنی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەم بڕیارە لە ھەلومەرجێکی ھەستیار و تەژی لە تێکئاڵۆزکانی بارودۆخی سیاسی و دژوار دەرچوو.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەمان:

ئەمڕۆ (٣٠) سی ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاردان و ڕاگەیاندنی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی کوردستان، بڕیاری ژمارە (٢٢)ی ساڵی ١٩٩٢. دەرچوواندنی ئەم بڕیارە مێژووییە لە ھەلومەرجێکی ھەستیار و تەژی لە تێکئاڵۆزکانی بارودۆخی سیاسی و دژوار، جگە لەوەی دەستپێشخەری و ئایندەبینییەکی زۆر گەشاوە و پڕ لە ئومێدی قۆناغەکە بوو بۆ بەدیھێنانی ماف و خواستە دیموکراسییەکانی میللەتەکەمان، ھاوکات دەست بۆبردنێکی سیاسییانەی پڕ لە دانایی و بوێریی سەرکردایەتیی سیاسی و پەرلەمانی کوردستانیشە، وەک دەستکەوت و بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی درێژخایەنی گەلەکەمان. بەتایبەت کە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق بەکردەیی ئامانجە نەخشە بۆکێشراوەکە و ڕەھەندە دەستوورییەکانی سەرکەوتووانە بەدی ھات، وەک یەکێک لە چارەسەرە دیموکراسییە ھەرە گونجاوەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن یەکێتیە فیدڕاڵییەکان. ئەمەش دووبارە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەکەمانی بەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان و پێداگریی سەرکردایەتیی کوردی بە جۆش و خرۆش خستەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەدیھێنانی ویست و داخوازییە ڕەواکانی گەلەکەمان، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا و ڕێسا فیدڕاڵییە کارپێکراوەکان بەپێی پەیماننامە جیھانییە پیادەکراوەکان.
پیرۆزبێت ساڵیادی ڕاگەیاندنی بڕیاری فیدڕاڵی، سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ خەڵکی کوردستان.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان