کۆریای باکور موشەکێکی تری بالیستی تاقیکردەوە

04/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کۆریای باکور موشەکێکی تری بالیستی تاقیکردەوەو ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوریش تاوتوێی وەڵامدانەوەی ئەو ھەنگاوەی پیۆنگ یانگ دەکەن .

سەرلەبەیانی ئەمرۆ، کۆریای باکور موشەکێکی بالیستی تاقیکردەوە و موشەکەکە بە ئاسمانی ژاپۆندا رۆیشت و لە زەریای ھێمن کەوتە خوارەوە.

سەبارەت بەو تاقیکردنەوەیە، ئادریین واتسۆن وتەبێژی جاک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاندووە، سۆلیڤان دوو پەیوەندی جیای لەگەڵ ھاوتا ژاپۆنی و ھاوتاکەی لە کۆریای باشور ئەنجامداوە بۆ ئەوەی پێکەوە ئامادەکاری بکەن و وەڵامێکی بەھێزی ئەو ھەنگاوەی پیۆنگ یانگ بدەنەوە، بۆ ھەردوولاشی  دوپاتکردۆتەوە کە ئەمریکا پابەندە بە بەرگریکردن لە ژاپۆن و کۆریای باشور.

سوک یول سەرۆکی کۆریای باشوریش ئەو ھەنگاوەی کۆریای باکوری بە ھەڵەشە ناوبردووە و دوپاتیکردووەتەوە کە سوپای وڵاتەکەی و ھاوپەیمانەکانی و کۆمەڵی نێودەوڵەتی وەڵامیان بۆی دەبێت.

ھاوکات ھیرۆکازۆ ماتسۆنۆ وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاندووە، ئەو زنجیرە رێکارەی کۆریای باکور گرتویەتیەبەر لە نێویاندا تاقیکردنەوە موشەکییەکان، ھەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ژاپۆن و ناوچەکە و کۆمەڵی نێودەوڵەتیش دروست دەکات.