ئەردۆغان جارێکیتر ھۆشداری بە سوید و فینلەندا دەدات

01/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ھۆشداری بە سوید و فینلەندا دەدات، کە بەڵێنەکانیان بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ جێبەجێ بکەن، بە پێچەوانەوە تورکیا رێگریان لێدەکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا چاودێری جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەکات، کە سوید و فینلەندا لە بەرامبەر رازیبوون بە بەئەندامبوون لە ناتۆ، بە تورکیایان داوە و ئەگەر ئەو بەڵێنانە جێبەجێنەکرێن، تورکیا داوای ئەندامێتیی سوید و فینلەندا لە ناتۆ پەسەند ناکات.

سوید و فینلەندا دوای ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، داوای ئەندامێتیان پێشکەشی ناتۆ کرد، کە لە سەرەتادا تورکیا رازی نەبوو، بەڵام دواتر تورکیا بە مەرجی رادەستکردنەوەی داواکراوەکان و ئەو کەسانەی لە تورکیا تۆمەتی تیرۆریان لەسەرە، پڕۆتۆکۆڵی بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ ئیمزا کرد، بەڵام لەو کاتەوە تورکیا ناو بە ناو ئاگاداریی بەو دوو وڵاتە دەدات، بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان.