حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان سوپاسی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەن

01/10/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان سوپاسی ھاوخەمی و بەدەنگەوەھاتنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆ بەدەنگەوەھاتنیان لەکاتی ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگانیان.

 ناوەندی ھاوکاریی حزبەکانی رۆژھەڵات لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لەدوای ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاگانیان لە ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیەک پێشمەرگە و لایەنگری حزبەکان و ژن و منداڵ بوونە قوربانی، شەپۆلێکی فراوان لە ھاوسۆزی و ھاوخەمی لەلایەن خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەولێر و دھۆک و بەتایبەتیش لەو ناوچانەی بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی لێبووە، ئاراستەی حزبەکان کراوە، بەشێوەیەک ھەر کەس لای خۆیەوە باوەشی گەرمی بۆیان کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ ھەر جۆرە ھاوکارییەک پیشاندا، بەوەش ھەستی مرۆڤانە و نیشتمانپەروەرانە و نەتەوەیی خۆیان بە گەرموگوڕی پیشاندا.

ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵات سوپاسی ئەو پزیشک و پەرستارانەش دەکات کە لەکاتی رووداوەکەدا خۆبەخشانە و بە خێرایی بەدەمیانەوە چوون و چارەسەری بریندارەکانیان کرد. دەشڵێت، ئەو ھەڵوێستە جوامێرانەی خەڵکی باشور جارێکی تر ئەوەی سەلماند کە ھەر خۆیان پشتوپەنای یەکترن و ئەوەش باشترین وەڵامە بۆ ناحەزانی کورد.