ئێران: دانوستانەکانمان لەگەڵ سعودیە بەردەوام دەبن

30/09/2022
ئەمیر حوسەین عەبدوڵایان، وەزیری دەرەوەی ئێران
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستانەکانیان لەگەڵ سعودیە بەردەوام دەبن و ھەرکاتێک سعودیە ئامادەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، پێشوازی لێدەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، گفتوگۆکانی تاران و ریاز بەپێی مەرجەکان بەردەوام دەبن، بۆئەوەی بگەن بە خاڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش ھەرکات سعودیە ئامادە بێت، پێشوازی لێدەکەن.

وتیشی، بەشێک لەوەی کە لە دانوستانەکانیان لە بەغداد لە سەری رێککەوتوون، جێبەجێکراوە و بەشێکیتری جێبەجێنەکراوە، راشیگەیاند، لەوانەیە دانوستان لە سەر ئاستی سیاسی و بە ئاشکرایی لەگەڵ سعودیە دەستپێبکەن، بەڵام پێویستە سەرەتا ئەو خاڵانەی پێشتر کە لە سەری رێککەوتوون جێبەجێبکرێن.

ئێران و سعودیە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان پچڕاندووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠وە و بە نێوەندگیریی عێراق، دەستیان بە دانوستان کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.