خۆپیشاندان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە

30/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامن و ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانیش تادێت زیاتر دەبێت.

خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردەکەی سەقز، لە شارەکانی سنە و کرماشان و  تاران و قوم و مەشھەد و ئەھواز و رەشت و شیراز و چەند شارێکی تری ئێران بەردەوامە و ئەمڕۆ لە شاری ئەھوازی پارێزگای خوزستان، شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان دروست بوو و ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژیان بەکارھێنا و تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان دەیان خۆپیشاندەر کوژراون و برینداربوون.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش، گیانلەدەستدانی گەنجێکی دیکەی کوردی لە خۆپیشاندانەکانی شاری قوچانی سەر بە پارێزگای خۆراسان راگەیاند، ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجەکە ناوی عەلی موزەفەرییە و تەمەن ١٧ ساڵە و بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراوە، لەبەرامبەر رادەستکردنەوەی تەرمەکەشی، بڕی ٥٠ ملیۆن تمەن لە کەسوکارەکەی وەرگیراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە خۆپیشاندانەکانی کرمانشان ھێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە.

خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ١٦ی مانگەوە دەستیان پێکردووە و بە پێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش، تا ئێستا لانیکەم ٨٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.