روسیا داوا لە ئەمریکا دەکات ھۆکاری پشت لێچوونی غاز لە نۆرد ستریم روون بکاتەوە

29/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سوید چوارەم لێچوونی غازی لە ھێڵی نۆرد ستریم ئاشکراکرد، روسیاش دەڵێت، شوێنی لێچوونەکان لەژێر کۆنترۆڵی ھەواڵگری ئەمریکادایە و پیویستە ئەو وڵاتە ھۆکاری پشت رووداوی لێچوونی غاز لە ھێڵی نۆرد ستریم روونبکاتەوە.

ھێزی پاراستنی کەناراوەکانی سوید ، لێچوونی غازی لە چوارەم شوێنی ھێڵی نۆرد ستریم ئاشکراکرد، ئەوەش دوای چەند رۆژێک لە ئاشکرابوونی سێ لێچوونی تری غاز لە ھێڵەکەدا.

ھاوکات دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین ، بەبێ ئەوەی ناوی ھیچ وڵاتێک بھێنێت، وڵاتێکی بیانی تۆمەتبار کرد بە دەست ھەبوونی لە رووداوی لێچوونی غاز لە ھێڵی نۆرد سترم ١و ٢. وتیشی ئەستەمە کارێکی تیرۆریستی لەو جۆرە بەبێ تێوەگلانی دەوڵەتێک رووبدات.

ھەروەھا ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند،  شوێنی لێچوونەکان لە دەریای باڵتیک لە ژێر دەسەڵاتی ھەواڵگری ئەمریکادایە و پێویستە ئەو وڵاتە ھۆکاری پشت رووداوەکە روونبکاتەوەو بیسەلمێنێت خۆی لە پشت رووداوەکەوە نیە.