روسیا چوار ھەرێمی ئۆکراین وەک بەشێک لە خاکەکەی دەناسێنێت

29/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوای کۆتاییھاتنی راپرسی لە چوار ھەرێمی ئۆکراین بۆ چوونەپاڵ روسیا، ئەنجامەکان بە بەڵێ دەرکەوتن و زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ھەرێمانە رەزامەندنیان بە چوونە سەر خاکی روسیا دەربڕی، روسیاش دەست بە رێکارەکانی ناساندنی ئەو ناوچانە وەک بەشێک لە خاکەکەی دەکات.

بە بۆچوونی چاودێران ئەنجامی راپرسییەکان پێشبینیکراوبوون و راپرسییەکەش دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لەو جەنگی روسیا کە لە ٢٤ی شووباتەوە دەستیپێکردووە.

دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا "کریملن" رایگەیاند، رۆژی ھەینی لە مۆسکۆی پایتەخت مەراسیمی ئیمزاکردنی پەیماننامەی چوونی ئەو ناوچانە بۆ سەر خاکی روسیا بەڕێوەدەچێت و پاشان ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا وتارێک پێشکەش دەکات و چوونی ئەو چوار ھەرێمە بۆ سەر خاکی روسیا رادەگەیەنێت.

ھەرێمەکانی "لۆگانسک و دۆنێتسک  خیرسوون و زاپۆریژیا"، چوار ناوچەی ستراتیژیی ئۆکراینن، بە گشتیی روبەری ئەو ناوچانەی راپرسی چوونەپاڵ روسیایان تێدا کراوە، زیاترە لە ١٠٠ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە ٢٠%ی کۆی گشتیی خاکی ئۆکراین پێکدەھێنن و ژمارەی دانیشتووانەکانیان لە نێوان ٥ بۆ ٧ ملیۆن کەسە، کە دەکاتە ١٥%ی کۆی دانیشتووانی ئۆکراین، بەپێی زانیارییەکانیش لێپرسراوانی باڵای ئەو چوار ھەرێمە، دەچنە مۆسکۆ بۆئەوەی بڕیارێکی مێژوویی بدەن، کە بڕیاری چوونەپاڵ روسیایە.

ھەفتەی رابردوو راپرسی لە ھەرێمەکانی "لۆھانسک و دۆنێتسک  خیرسوون و زاپۆریژیا"، بەپێی ئەو ئەنجامانەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە ناوچەی زاپۆریژیا رایگەیاندووە، دوای جیاکردنەوەی ١٠٠%ی دەنگەکان دەرکەوتووە کە ٩٣.١١%ی دەنگدەران دەنگیانداوە بەوەی بچنە سەر روسیا، لەناوچەی خیرسونیش، زیاتر لە ٨٧%ی دەنگدەران و لە لۆھانسک ٩٨.٤٢% و لە دۆنێتسکیش ٩٤.٧٥%ی خەڵک بۆ چوونە سەر روسیا دەنگیانداوە، لە یەکەم کاردانەوەشدا ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین بەڵێنیدا، کار بکەن بۆ بەرگریکردن لە ھاووڵاتیانیان لەو ناوچانەی روسیا داگیری کردوون.