گۆتێرێس داوا لە ئێران دەکات لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بکات

28/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

(ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس) ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات لێکۆڵینەوەی خێرا لە ھۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بکەن.

(ستیڤان دوجاریک) وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، گۆتێرێس داوای لە دەسەڵاتی جێبەجێکار لە ئێران دەکات خۆیان بەدووربگرن لە بەکارھێنانی ھێزی ناپێویست و نەگونجاو، ھانی ھەمووانیش دەدات پەیڕەوی ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزبوونی زیاتری رەوشی ئێران. 

روونیشیکردەوە، ھەمووان نیگەرانن لەو راپۆرتانەی باس لە زیادبوونی ژمارەی کوژراوەکان دەکەن لە خۆپیشاندانەکاندا بەتایبەت ژنان و منداڵان.

ھەروەھا گۆتێرێس جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا لە ھۆکارەکانی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ.