ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە

28/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوای نزیکەی چوار مانگ لە راگرتنی کۆبوونەوەکان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجومەنەکە و ھەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە.

بەپێی ئەو بەرنامەی کارەی راگەیەندراوە، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەعات ١ی نیوەڕۆ دەستپێدەکات و تاوتوێی دوو تەوەرە دەکرێت.

لەوەری یەکەمدا دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەخرێتە دەنگدانەوە، تەوەری دووەمیش ھەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.

پێشتریش پەرلەمانتارانی سەربەخۆ رایانگەیاند، پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەوان دراوە و پەرلەمانتار موحسین مەندەلاویش کە کوردی فەیلییە بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکەن.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران دوای ئەوە دێت کە لە رۆژی ٨ی حوزەیرانەوە دوای ئەوەی دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک درا، لەوکاتە بەدواوە ھیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەنەچووە.