تشرینییەکان سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە

27/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە ترسی خۆپیشاندان لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی شاری بەغداد رێکاری ئەمنی بۆ پاراستنی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەران دەگیرێتەبەر، تشرینییەکانیش لە سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە خۆپیشاندان دەکەن و داوای بەشداریکردنی رەوتی سەدر دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە شەوی رابردووەوە رێکارە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ناوچەی سەوز توندتر کراونەتەوە و ئەو دەروازەیەی ناوچەی سەوز کە دەکەوێتە نزیک باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزارەتی پلاندانان داخراوە و بەربەستی کۆنکرێتی لەبەردەم دەروازەکان دانراون، رێکاری ھاوشێوەش لە نزیک "پردی ھەڵواسراو" دەگیرێتەبەر.

توندکردنەوەی رێکارە ئەمنییەکان لەدەوروبەری ناوچەی سەوز، بۆ پاراستنی ئەمنیەتی کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بە تایبەت کە  تشرینییەکان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لەسێیەم ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانیان، ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان دەکەن و چاوەڕواندەکرێت لە رۆژی یەکی مانگی داھاتوو دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان بەشێک لەو ھێزانەی پشتیووانی لە خۆپیشاندانی تشرینییەکان دەکەن داوای بەشداریکردنی رەوتی سەدر لە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای مانگی داھاتوو دەکەن، بەڵام سەرچاوەیەک لە رەوتی سەدر رایگەیاندووە، سەرکردە و لایەنگرانی رەوتی سەدر، چاوەڕوانی دواین ھەڵوێستی موقتەدا سەدرن بۆ بەشداریکردن یان نەکردن لە خۆپیشاندانی تشرینییەکان.