ھەنگاوەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە عێراق دەستیپێکردوە

26/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھەنگاوەکانی بە ئەلکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە عێراق دەستیپێکردوە، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمیش دەڵێت، بەمزوانە لە ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات

"نەوزاد کامیل"بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بە ھاوکاری رێکخراوی جیھانی خۆراک ھەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئامادەسازییان کردوە بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک، لەئێستاشدا وەک نمونە لە شاری نەجەف دەستیپێکردوە.

وتیشی، بڕیارە بەمزوانە لە ھەرێمی کوردستان ھەنگاوەکانی بە ئەلکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک دەستپێبکات، سەرەتاش وەک نمونە لە شاری دھۆک دەست پێدەکات.

جەختی لەوەشکردوە، بە جێبەجێکردنی ئەو سیستمە ناوی دووبارە و ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە، ھەروەھا ئەوانەی چونەتە دەرەوەی وڵاتە ناویان لە سیستمەکەدا نامێنێت، چونکە ئەوانە دەبێت خۆیان لە کاتی بەئەلکترۆنیکردنی فۆرمەکەدا ئامادەبن.

راشیگەیاند، ئەو کەسانەی مووچەی مانگانەیان لە ملیۆن و نیوێک زیاترە، ناویان لە سیستمەکەدا نامێنێت و بەشە خۆراکی مانگانەیان پێنادرێت.