سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: لەدەستدانی جوامێرێکی وەک مەلا رەحیم لە دڵەوە نیگەرانی کردین
کوردسات نیوز
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامەیەک ئاڕاستەی بنەماڵەی مەلا رەحیم مەلا رەشید سەرقەڵا دەکات و دەڵێت، "لەدەستدانی جوامێرێکی وەک مەلا رەحیم لە دڵەوە نیگەرانی کردین و یەکێک بوو لە تێکۆشەرە قارەمانەکانی رێگای خەبات و کوردایەتی، نموونەی بەرزی قوربانیدان و گیانفیدایی بوو لەپێناو خاکی کوردستان و ھەمیشە لەبەرەی گەلەکەیدا بوو."
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان بنەماڵەی سەربەرز، ھاوخەبات و ھەڤاڵانی تێکۆشەری دێرین (مەلا رەحیم مەلا رەشید سەرقەڵا)
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین (مەلا رەحیم مەلا رەشید سەرقەڵا)، پارتیزان و سکرتێری پێشووی سەرۆک مام جەلال بۆ کاروباری پارتیزانەکانی گەرمیانمان پێگەیشت.
ھەڤاڵ مەلا رەحیم یەکێک بوو لە تێکۆشەرە قارەمانەکانی رێگای خەبات و کوردایەتی، نموونەی بەرزی قوربانیدان و گیانفیدایی بوو لەپێناو خاکی کوردستان و ھەمیشە لەبەرەی گەلەکەیدا بوو. ئەوکاتەش کە قایمقامی کفری بوو، چەندین ساڵ دڵسۆزانە و لێبڕاوانە خزمەتی کرد.
لەدەستدانی جوامێرێکی وەک مەلا رەحیم لەدڵەوە نیگەرانی کردین و پرسە و ھاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکەی، ھاوڕێ و ھەڤاڵانی دەکەین.
لەخوای گەورە داواکارین رۆحی کۆچکردوو شاد بکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
|