لە فەرەنسا تۆڕێکی قاچاغچێتی دەستگیرکران کە ٣ کوردیان تێدایە

23/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە فەرەنسا تۆڕێکی قاچاغچێتی گواستنەوەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا دەستگیرکرا کە سێ کوردی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی تێدایە.

(کزاڤییە دیلریۆ) سەرۆکی نوسینگەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە ھەڵمەتێکدا لە باکوری فەرەنسا، لێکۆڵەرەوان لە دەوروبەری شاری لیل دەستیانگرتووە بەسەر حەشارگەیەک کە پێداویستی تەواوی دەریاوانی تێدا بووەو ٧ کەسیش دەستگیرکراون کە ٤ پیاو و سێ ژن بوون، سێ لە پیاوە دەستگیراوەکان کوردی عێراقن.

ھەروەھا (گیریک لوبرا) داواکاری گشتی لەشاری بۆلۆنی رایگەیاند، شەش قاچاغچی تر راگیراون و چاوەڕێن ئەمرۆ دادگا بڕیاریان لەسەر دەدات.

رونیشیکردەوە،  راگیراوەکان بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی کەسانی بیانی دادگایی دەکرێن و پێدەچێت سزاکەیان بگاتە ١٠ ساڵ.

لێکۆڵەرەوان لە فەرەنسا ئاماژەیان بەوەکردوە، قاچاغچییەکان لە ھاوینەوە ٨٠پرۆسەی پەڕینەوەی کۆچبەرانیان ئەنجامداوەو ٨٠ ھەزار یۆرۆیان دەستکەوتووە.