خۆپیشاندانەکان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ئێران و رۆژھەڵات فراوانتر دەبن

22/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

خۆپیشاندانەکان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان فراوانتر بووە.

شەوی رابردوو گردبوونەوەی ناڕەزایی لەچەندین ناوچەی جیاوازی تاران رێکخرا و لە چەندین شاری تریش پەرەیسەند. 

ھاوکات لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بەردەوامی ھەیە و لەشاری پاوە خۆپیشاندەران ئاگریان لە ئۆتۆمبێلی ھێزە ئەمنییەکان بەردا. 

خۆپیشاندانەکان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سەرەتا لە ناوچە کوردییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان سەریھەڵدا و دواتر زیاتر لە ٥٠ شار و شارۆچکەی گرتەوە، بەگەورەترین خۆپیشاندانیش لە دوای خۆپیشاندانەکان دژی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئێران دادەنرێت. 

بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا حەوت کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژران و زیاتر لە ٤٥٠ کەسیش برینداربوون و ٥٠٠ کەسی دیکەش دەستبەسەرکراون، پێشبینیشدەکرێت ئاماری قوربانییەکان روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر بکەن.