مستەفا کازمی و ئیمانوێل ماکرۆن لە نیویۆرک کۆبوونەوە

22/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نیویۆرک لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا کۆبووەوە و ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی عێراق و چەندین بابەتی دیکە تاوتوێ کران.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی کازمی و ماکرۆن لە پەراوێزی ٧٧ەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە لە نیویۆرک.

لە کۆبوونەوەکەدا ھەوڵەکانی "کازمی" بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانی سیاسی و دەستپێشخەری گفتوگۆی نیشتمانی و بەستنی دووەم کۆنگرەی بەغداد بۆ ھەماھەنگی و ھاوبەشی تاوتوێ کران.

ھەروەھا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بابەتە ھەرێمی و نێودەوڵەتییە ھاوبەشەکان و بواری ئابوری و وزە و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و وەبەرھێنان باسکراون.

سەرۆکی فەڕەنساش پشتیووانی خۆی بۆ گفتوگۆی نیشتمانی دەربڕی و جەختیکردەوە لە گرنگی ھاندانی ھێزە سیاسییەکان بۆ دانووستان لەپێناو گرەنتیکردنی پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی دەستور.