پارێزەرانی ئەوروپا داوا لە سی پی تی دەکەن سەردانی ئیمرالی بکات

21/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کۆمەڵەی پارێزەرانی ئەوروپا بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسی و مافی مرۆڤی جیھانی، داوا لە کۆمیتەی رێگەگرتن لە ئەشکەنجەی جیھانی (سی پی تی) دەکەن، سەردانی ئیمرالی بکات و لە رەوشی زیندانیان بکۆڵێتەوە.

بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەربەستەکانی بەردەم پارێزەران بۆ سەردانیکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کۆمەڵەی پارێزەرانی ئەوروپا کۆبوونەوە و دوابەدوای کۆبونەوەکە باربارا سپینێلی، ئەندامی کۆمەڵەکە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە تورکیا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و کۆتایی بە پێشێلکارییەکان بھێنێت.

داواشیکرد، ڕێگە بە پارێزەرانی ئۆجالان و زیندانییەکانی دیکەی دورگەی ئیمرالیی بدرێت، سەردانی زیندانەکە بکەن.

ئاشکراشیکرد، داوایان لە کۆمیتەی (سی پی تی) کردووە، بەزووترین کات سەردانی دورگەی ئیمرالی بکات و لە نزیکەوە لە دۆخی زیندانییان بکۆڵێتەوە، چونکە بە بڕوای ئەوان، ئەوەی لە ئیمرالی ڕوودەدات، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.