وەزارەتی پێشمەرگە و وەفدێکی پنتاگۆن یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد

21/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی پێشمەرگە و وەفدێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد و لەڕێیەوە، ئەمریکا پابەندی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی رۆڵ و بەشداری ھێزی پێشمەرگە دووپاتدەکاتەوە لە تێکشکاندنی داعشدا.

لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا ئاماژە بەوەدراوە، "سیلێست واڵاندەر" یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا و "شۆڕش ئیسماعیل" وەزیری پێشمەرگە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان نوێ کردەوە، بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنەکانی تێکشکانی داعشدا.

ئەو یاداشتە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦ ئیمزا کراوە و لەڕێیەوە ئەمریکا پابەندی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی رۆڵ و بەشداری پێشمەرگە دووپاتدەکاتەوە لە پڕۆسەکانی تێکشکاندنی داعشدا وەک پێکھاتەیەکی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق. 

ھەروەھا دەستنیشانی ئەو بەرەوپێشچوونانە دەکات کە لەبواری چاکسازی بنەڕەتی دامەزراوەکاندا بەدەستھاتوون لەگەڵ پابەندی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفیشناڵکردنی ھێزەکانی. 

ئیمزاکردنی یاداشتنامەکە بە چاودێری "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی ھەرێم و ئامادەبوونی "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەت و "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجامدرا، کە جەختکردنەوەی پابەندیی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە بە ھەماھەنگی بەردەوامی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و پڕۆگرامی چاکسازی پێشمەرگەدا. 

پێشتریش "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی ھەرێم رایگەیاند، ئەو یاداشتە وادەکات ھاوبەشە ئەمریکییەکان پێداویستی و کەموکوڕی پێشمەرگە پڕبکەنەوە، لەگەڵ ئەمریکاش کۆکن کە داعش ھێشتا ھەڕەشە و مەترسییەکی راستەقینەیە و  ھاریکارییان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت تا کۆتایی یەکجارەکی داعش.