وەزارەتی کارەبا لە رێگەی سیستمێکەوە ھەوڵی دابینکردنی کارەبای ٢٤ سەعاتی دەدات

21/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی سیستمێک و بەکارتکردنی کارەباوە، ھەوڵدەدات کارەبای ٢٤ سەعاتی بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێم دابین بکات.

عەلی ئیسماعیل ئەندامی لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەک رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم ھەوڵدەدات لە ‌رێی سیستمی "پریپەیمێنت"ەوە، کارەبای ٢٤ سەعاتی بۆ ھاووڵاتیان دابینبکات.

راشیگەیاند، ئەو سیستمە بەشێکە لە پێوەری زیرەک و وەک تێست لە بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر دەستیپێکردووە، کە ھەزار و ٥٠٠ ھاوبەشبوون و بەھۆیەوە وزەی ونبوو بە چوار بۆ پێنج ھێندە کەمبووەتەوە، لەھەمانکاتدا کارەبایەکی ٢٤ سەعاتی بۆ بازاڕەکە بە ڤۆڵتیەیەکی جێگیر دابینکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە شاری دھۆک دەست بەدانانی ھەمان سیستەم کراوە و سیستمەکە لە تاقیکردنەوە دەرچووە و ئامادەیە و پێشکەشی وەزارەتی کارەبا کراوە بۆ ئەوەی ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن.
 لەبارەی نرخی ئەو کارتەی بۆ پارەدانی کارەباکە بەکاردەھێندرێت، روونیکردەوە، نرخی کارەبا ھەمان نرخی پێشووە و تەنھا شێوازی پارەدانەکەی گۆڕاوە.