بۆ یەکەمینجار لە دوای ١٤ ساڵ سەرۆکی تورکیا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە
کوردسات نیوز
بۆ یەکەمینجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و چەندین پرسی دیکەیان تاوتوێ کرد.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ""رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا و " و "یائیر لاپید" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، "لاپید" ستایشی گەڕانەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیلی کرد و دامەزراندنی باڵیۆزی نوێی ئیسرائیلیشی لە تورکیا بەھەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد.
ھاوکات ھەردوولا روبەڕوبوونەوەی تیرۆریان لە ئیسرائیل و جیھان و پەیوەندییە ئابورییەکان و وزە و ھەروەھا پرسی دیلە بێسەروشوێنبوونەکانی ئیسرائیل لای بزووتنەوەی حەماس تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەکەی "لاپید" و "ئەردۆغان" یەکەمین کۆبوونەوەیە لەسەر ئاستێکی باڵا دوای راگەیاندنی گەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، ئاژانسەکانی تورکیاش رایانگەیاند کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی داخراو بووە.
|