ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی: چوونی وەفدێکی کورد و سونە و عامری بۆ حەنانە ڕاست نییە

21/09/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەگەرچی باس لە وەرگرتنی رەزامەندی دەکرێت بۆ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە حەنانە، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی چوونی وەفدێکی کورد و سونە و عامری بۆ حەنانە رەتدەکاتەوە.

 "عەلی دیفاعی" وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، چوونی وەفدێکی کورد و سنە و "ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح بۆ شاری حەنانە لە "نەجەف"، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ "موقتەدا سەدر" رێبەری رەوتی سەدر راست نییە، کە مەبەست لێی تاوتوێکردنی رەوشی سیاسی و گەیشتن بە رێککەوتن بووە. 

وتیشی، نیمچە رێککەوتنێک لەنێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و سونە و کورد کراوە و چاوەڕێدەکەن "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لە نیویۆرک بگەڕێتەوە.

سەبارەت بە کاندیدبوونی "محەمەد شیاع سودانی"ش بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی وتی، سەدر ھێشتا رەزامەندی دەرنەبڕیوە. 

رەتکردنەوەی کۆبوونەوەی  حەنانە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، دوای ئەوە دێت کە میدیاکان لە زاری ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراقەوە بڵاویانکردەوە، ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە حەنانە بەڕێوەدەچێت، کە  "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و "محەمەد حەلبوسی" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە بەشداری "ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لەخۆدەگرێت.